مەكتەبی سیاسی یەكێتی: بەخوێنی شەهیدان و قارەمانێتی پێشمەرگە كوردستان پارێزراوە

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزو ساڵی نوێ‌ كوردی-یەوە، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەپامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی كوردستان دەكات و رادەگەیەنێت: بەخوێنی شەهیدان و قارەمانێتی پێشمەرگەو كۆمەڵانی خەڵك كوردستان پارێزراوەو ئومێدەوارین نەورۆزو بەهار ببێتە هەوێنی چارەسەركردنی كێشە سیاسیەكان‌و بەگەرخستنەوەی دەزگا شەرعیەكان‌و كاراكردنەوەی پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی كوردستان‌و تەبایی زیاتر بچەسپێت.

دەقی پرۆزباییەكە...

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزو ساڵی نوێ‌ كوردی (2717)، پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان دەكەین، لەهەموو بەشەكانی كوردستان‌و سەرانسەری جیهان دەكەین. 

پیرۆزبایی گەرم لەكەسوكاری سەربەرزی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان‌و هەموو تێكۆشەرانی ناو سەنگەری تێكشكاندنی تیرۆریستان‌و بەرگری لە خاك‌و خەڵكی كوردستان دەكەین. 

بەهارو نەورۆز، هاوكاتی یادی (26) ساڵەی راپەرینی بەهاری 1991 شاری كەركوكی كوردستانیشە، كە تاجی سەركەوتنی راپەرینی نایەسەر حەمرینی سنوری نیشتمان. پیرۆزبایی لەخەڵكی خۆراگری كەركوك دەكەین‌و سڵاوی وەفاداریش بۆ شەهیدانی راپەرینی شارەكە دەنێرین.

جەژن‌و یادەكانی نەورۆزو بەهاری ئەمساڵ لەكاتێكدایە، بەخوێنی شەهیدان‌و قارەمانێتی پێشمەرگە‌و خۆراگری كۆمەڵانی خەڵك، كوردستان پارێزراوەو تیرۆریستانی داعش-یش لەتێكشكاندنی یەكجارەكی نزیك بوونەتەوە. بەڵام بەداخەوە كێشە سیاسەكان بەردەوامە‌و قەیرانی دارایی گوزەرانی هاوڵاتیانی سەخت كردووە، ئومێدەوارین نەورۆزو بەهار ببێتە هەوێنی چارەسەركردنی كێشە سیاسیەكان‌و بەگەرخستنەوەی دەزگا شەرعیەكان‌و كاراكردنەوەی پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی كوردستان‌و تەبایی زیاتر بچەسپێی. 

پاش پشووەكانی نەورۆز، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەنەخشەرێگای پەسەندكراوی ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە، هەوڵەكانی دەست پێدەكاتەوە بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخەی كوردستان‌و چارەسەركردنی كێشەكان.

جارێكی تر نەورۆزتان پیرۆزبێت‌و بەهارتان پڕ لەشادی‌و ئاشتی بێت.

 

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی 

یەكێتیی نیشتمایی كوردستان