مەكتەبی سیاسی یەكێتی: خزمەتكردنی هەڵەبجە‌و دانیشتووانە سەربەرزەكەی ئەرك‌و شانازیمانە

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان

لەیادی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی شەهیدو شەهیدكردنی زیاتر لە5 هەزار ژن و منداڵ و پیرو لاو، كە 29 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن رژێمی بەعسی فاشییەوە ئەنجامدرا، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنێت: لەم بیرەوەرییە كارەساتبارەدا، بۆ هەمیشە سەری رێزو وەفاداری لەئاست شەهیدانی هەڵەبجەو خۆڕاگریی برینداران‌و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دادەنەوێنین‌و سڵاوی ئەمەكداریی بۆ دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە، شاری شەهیدان‌و مەڵبەندی زیندووی كوردایەتی‌و كەلتورو زانست دەنێرین.

هەر لەبەیاننامەكەدا هاتووە: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێ درێغ هەوڵ دەدات‌و خزمەتكردنی هەڵەبجە‌و دانیشتووانە سەربەرزەكەشی ئەرك‌و شانازییمانە.

دەقی بەیاننامەكە...

-كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی پارێزگای هەڵەبجە!

-خوشك‌و برایان، بەركەوتووانی چەكی كیمیایی‌و قوربانیانی زیندووی تاوانی سەردەم لەهەڵەبجەی شەهیدان!

(29) ساڵ لەمەوبەر، رژێمی شۆڤێنی بەعس، لە (16/3/1988) بەچەكی كیمیایی قەدەغەكراو، بۆردومانی شاری هەڵەبجەی كردو لەماوەیەكی كەمدا زیاتر لە (5000) مرۆڤی كورد لەژن‌و منداڵ‌و پیرو لاو شەهیدبوون‌و هەزارانی تریش برینداربوون. شارەكەش وێران‌و خاپووركراو ئەم تاوانە گەورەیە لەناو گازی خەردەل‌و بێدەنگیی دنیای بێویژدانی كۆتایی سەدەی بیستەمدا، خنكێنرا.

هەڵەبجە.. شاری شەهیدان و مەڵبەندی زیندووی كوردایەتی و كەلتوورو زانست

لەم بیرەوەرییە كارەساتبارەدا، بۆ هەمیشە سەری رێزو وەفاداری لەئاست شەهیدانی هەڵەبجەو خۆڕاگریی برینداران‌و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی دادەنەوێنین‌و سڵاوی ئەمەكداریی بۆ دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە، شاری شەهیدان‌و مەڵبەندی زیندووی كوردایەتی‌و كەلتورو زانست دەنێرین.

ئەم تاوانەی بەعس، بەیەكێك لەتاوانە قێزەونەكانی دژە مرۆڤایەتی‌و جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەژمار دەكرێت، وەك هیرۆشیماو ناكازاكی‌و چەندین تاوانی دیكە. رژێمی فاشیستی بەعس بەسیاسەتی بێزراوی پاكتاوی نەژادی‌و بەزنجیرە تاوانەكانی كیمیاباران‌و ئەنفال‌و رووخاندنی گوندەكان‌و تەعریب‌و تەرحیل‌و تەبعیس، دەیویست گەلی كورد لەناوببات‌و كوردستانیش سووتماك‌و وێران بكات، بەڵام خۆڕاگریی گەلەكەمان‌و بێووچانیی خەباتی پێشمەرگە‌و تینوتاوی زامی هەڵەبجەو هاواری ئەنفالكراوەكان‌و قوربانییەكانی جینۆساید، دوای سێ‌ ساڵ لەئازاری هەڵەبجە، لەئازاری راپەڕیندا كۆتایی بەحوكمی بەعسی كیمیاوەشێن هێناو هەڵەبجەو تەواوی كوردستانی باشووری دایە دەست خاوەنەكانی، كەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستانن.

ئەگەرچی لەدوای رووخانی بەعس لەساڵی 2003، تاوانی كیمیابارانكردن‌و جینۆسایدكردنی هەڵەبجە، لەگەڵ تاوانەكانی جینۆسایدی ئەنفال‌و بارزانییەكان‌و فەیلییەكان‌و قەڵادزێ‌‌و سەیدسادق، لەدادگای باڵای تاوانەكانی عیراق، وەك تاوانی جینۆساید ناسێنران‌و بەشێك لەو تۆمەتبارانەی ئەنجامدەری تاوانەكە بوون، سزای رەوایان وەرگرت، بەڵام هێشتا ناوەرۆكی بڕیارەكەی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق‌و ویستی گەلەكەمان بۆ دڵنەوایی كەسوكاری شەهیدانی كیمیاباران بەتەواوەتی نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە گرنگترینیان بریتییە لەوەی حكومەتی عیراقی فیدراڵ، وەك میراتگرەوەی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق، بەڕەسمی داوای لێبوردن لەگەلی كوردستان بەگشتی‌و دانیشتووانی هەڵەبجە بەتایبەت بكات‌و قەرەبووی زیانلێكەوتووانی تاوانەكەو كەسوكاری قوربانییەكان بكاتەوەو ئەوەی ماوە لەئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجەو بوژانەوەی، بخاتە ئەستۆی خۆی.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

لەكاتێكدا یادی (29) ساڵەی كیمیابارانكردن‌و جینۆسایدكردنی هەڵەبجە دەكەینەوە، هەڵەبجە ئێستا ناوەندی پارێزگایە، سەرباری ئەوەی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەو دەستنیشانكردنی وەك پایتەختی ئاشتی، دەستكەوتێكی رەمزیی گرنگی نیشتمانی‌و نەتەوەییە بۆ دانیشتووانەكەی، دەبێت ئەو راستییەش لەبەرچاوبگرین كەهێشتا كاریگەری‌و ئاسەوارەكانی ئەم تاوانە بەسەر شارەكەو دانیشتووانەكەی، ماوەتەوە.

لەم یادو بۆنە كارەساتبارەدا، جەخت لەوە دەكەینەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرنامەیەكی تۆكمەو نوێ گەڵاڵە بكات بۆ پارێزگای هەڵەبجەو تەواوی شارو شارۆچكەو گوندەكانی دەوروبەری، بۆ ئاوەدانكردنەو بوژانەوەی زیاترو زیاتری شارەكە، چارەسەری بریندارو بەركەوتووەكانی چەكی كیمیایی، كە ماون، هەروەها بایەخدان بەبواری كەلتوریی پایتەختی شارەزوور كەخۆی مەڵبەندێكی دێرینی زانست‌و عیرفانەو شایەنی بوژاندنەوەی ئەو لایەنە پرشنگدارەیەتی.

بۆ بەجینۆسایدناساندنی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو تاوانەكانی تری جینۆسایدیش، كە بەرامبەر بەگەلی كوردستان ئەنجامدراون، لەسەر ئاستی كۆمەڵی نێودەوڵەتی‌و پەرلەمانی وڵاتان، هەڵمەتێكی نوێ‌و هەمەلایەنی نەتەوەیی، نیشتمانی، یاسایی‌و میدیاییمان پێویستە، تا هەڵەبجەو یادی تاڵی كارەساتەكەی لەیادەوەریماندا زیندووبێت‌و بە تەگبیری نەتەوەیی؛ نەوە لەدوای نەوە بۆ یەكجاری بەر بەدووبارەبوونەوەی هەڵەبجەو ئەنفال‌و شنگال بگرین‌و گەلی كورد لەئایندەی خۆی دڵنیابێت‌و چیتر داگیركەران، شۆڤێنییەكان‌و تیرۆریستان نەبنەوە هەڕەشەی دووبارە لەسەر كوردستان.

پێویستە هەڵەبجەو مەرگەساتە نیشتمانییەكانی تر، ببنە هەوێنی یەكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان‌و پاراستنی یەكێتیی ریزەكان، وەفاداریی بۆ شەهیدان‌و قوربانییەكانی جینۆسایدو سیاسەتی پاكتاوی نەژادی، چارەسەركردنی كێشەكان‌و چاكسازیی راستەقینەو پەرەپێدانی ئاشتیی كۆمەڵایەتی‌و لێبوردەیی. لەمڕووەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێ درێغ هەوڵ دەدات‌و خزمەتكردنی هەڵەبجە‌و دانیشتووانە سەربەرزەكەشی ئەرك‌و شانازییمانە.

- نەمریی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە‌و هەموو شەهیدانی كوردستان

- نەفرەت لە ئەنجامدەرانی تاوانەكە

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان