ھێرۆ ئیبراھیم: ھه‌رێم لایه‌نگری به‌ریه‌ككه‌وتن و شه‌ڕ نییه‌

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان

ھێرۆ ئیبراھیم ئه‌حمه‌د و كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێم كێشه‌كانی ھه‌ولێرو به‌غدا تاوتوێده‌كه‌ن.

 

كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ ھه‌رێمی كوردستان دوای دانانی تاجه‌گوڵینه‌ی رێزو وه‌فا له‌سه‌ر ئارامگای سه‌رۆك مام جه‌لال، له‌ ده‌باشان سه‌ردانی ھێرۆ ئیبراھیم ئه‌حمه‌د ده‌كات و پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌زووی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ھه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان ھه‌ولێر و به‌غداو پشتیوانیكردن له‌حكومه‌تی ھه‌رێم دووپاتده‌كاته‌وه‌.

 

ئه‌مڕۆ 28ی تشرینی دووه‌می 2017، له‌شاری سلێمانی، ھێرۆ ئیبراھیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد له‌ كێن گرۆس كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ھه‌رێمی كوردستان و جیف مارۆز به‌رپرسی سیاسی پێشكه‌وتوو له‌ كونسوڵخانه‌، له‌ دیدارێكدا بارودۆخی ئێستا له‌ھه‌موو گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه‌ تاوتوێكرا.

 

له‌ دیداره‌كه‌دا، كه‌ بافڵ تاڵه‌بانی لێپرسراوی كاروباری دژایه‌تی تیرۆر ئاماده‌ی بوو، كونسوڵی ئه‌مریكا، باسیله‌وه‌كرد كه‌ ماڵئاوایی سه‌رۆك مام جه‌لال خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌ بوو، ڕۆڵ و ھه‌ڵوێست و خه‌باتیشی له‌پێناو ئازادیی و دیموكراسیی و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كڕیزی نیشتمانیی جێگه‌ی ستایش و پێزانینی ھه‌مووان بووه‌ و ھه‌رگیز له‌ بیرناكرێت.

 

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، ھێرۆ ئیبراھیم ئه‌حمه‌د ستایشی ھه‌ڵوێستی ئه‌مریكای كرد له‌پشتیوانییه‌كانی بۆ گه‌لی كورد و به‌رده‌وامی ھه‌وڵه‌كانیان له‌سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسیی و دیموكراسیی، سه‌رباری رۆڵی كاریگه‌ریان له‌جه‌نگی دژی تیرۆر، ھه‌ردوولاش پێویستی په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كاندا نوێكرده‌وه‌.

 

له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا به‌ئاماژه‌دان بۆ كێشه‌كانی نێوان ھه‌ولێر و به‌غدا، ئاماده‌ی وڵاته‌كه‌شی بۆ ھه‌ر ھاوكاری و ھه‌ماھه‌نگییه‌ك له‌پێناو ده‌ستپێكردنی دیالۆگێكی جددی له‌نێوان ھه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور دووپاتكرده‌وه‌، ھاوكات جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ھه‌ڵوێستی ئه‌مریكا بۆ پشتیوانیكردن له‌حكومه‌تی ھه‌رێم كوردستان و قه‌واره‌یی یاسایی ھه‌رێمی كوردستان، ھێرۆ ئیبراھیم ئه‌حمه‌د-یش رایگه‌یاند: كه‌ ھه‌رێمی كوردستان ھیچ كاتێك لایه‌نگری به‌ریه‌ككه‌وتن نه‌بووه‌و ھه‌میشه‌ ئاماده‌ی گفتوگۆیه‌، بۆ ھێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌و باشكردنی ژیانی ھاووڵاتییان له‌ ھه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌باره‌ی بارودۆخی ھه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ھێرۆ ئیبراھیم ئه‌حمه‌د ھه‌ڵوێستی یه‌كێتی بۆ ته‌بایی ناو ماڵی كوردو پاراستنی یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان روونكرده‌وه‌.