به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونی تایبه‌تی من، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم، سه‌رووی 400 ملیۆن دینار قه‌رزی كاره‌بای له‌سه‌ره‌.

 

نێچیرڤان بارزانی ئێسته‌ پێنج هاوبه‌شی كاره‌بای له‌ناو ماڵه‌كه‌ی له‌ هه‌ولێر هه‌یه‌ و به‌كۆی گشتی هه‌ر پێنج هاوبه‌شه‌كه‌ كه‌ به‌ناوی میوانخانه‌وه‌ تۆمار كراوه‌، زیاتر له‌ 400 ملیۆن دینار قه‌رزی كاره‌بای له‌سه‌ر كۆبووه‌ته‌وه‌.

 

هه‌ر به‌پێی به‌دواداچوونی من، پێشتر یه‌ك ملیار و 200 ملیۆن دینار قه‌رزی كاره‌بای له‌سه‌ر بووه‌، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌ چه‌ند قیستێك داوه‌ته‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فرۆشتنی وزه‌ی كاره‌با.

 

ئه‌و زیاتر له‌ 400 ملیۆن دیناره‌ی ئێسته‌ وه‌ك قه‌رزی كاره‌با له‌سه‌ریه‌تی، پێوه‌ندی به‌ ملیار و 200 ملیۆن دیناره‌كه‌ی پێشتره‌وه‌ نییه‌ كه‌ به‌ قیست داویه‌تییه‌وه‌.

 

ره‌نگه‌ زۆربه‌ی بڕی كاره‌بای به‌كارهاتوو بۆ بیره‌كانی ئاو له‌ناو ماڵه‌كه‌ی بڕوات، كه‌ دابه‌شی سه‌ر بیری ئیرتوازی و بیری سووری ده‌بن، هه‌ڵكه‌ندنی بیری سوریایی به‌پێی بڕیاری خودی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران قه‌ده‌غه‌یه‌، به‌ڵام له‌ واقیعدا هه‌موو خاوه‌ن ڤێلا و مه‌زره‌عه‌كان بیری سورییان هه‌یه‌.

 

هه‌روه‌ها تیمه‌كانی وه‌رگرتنی كرێی كاره‌با، به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی خوێندنه‌وه‌ی سه‌عاته‌كانی كاره‌بای ماڵه‌كه‌ی وه‌رده‌گرن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ناتوانرێت كرێییه‌كه‌ تۆمار بكرێت.

 

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران باش ده‌ست به‌ كاره‌باوه‌ ناگرێت و له‌و رووه‌وه‌ ئێمه‌ش وه‌ك خۆی، گله‌ییمان لێی هه‌یه‌.

 

لەفەیسبووكی رێبین فەتاح وەرگیراوە

 

تیرۆریستێكی داعش داندەنێت بەوەی لەكاتی ئۆپراسیۆنی رزگاركردنی حەویجەدا، داعش و پارتی رێككەوتنێكی 11 خاڵییان ئیمزاكردووە.

 

تیرۆریستەكە كە ناوی عیسا ئەحمەد حەسەنە دوای دەستگیركردنی دان دەنێت بەو رێككەوتنەی كە داعش و پارتی لەكاتی ئۆپراسیۆنی حەویجەدا ئیمزایان كردووەو رایگەیاند كە رێككەوتنەكە لەلایەن ئەبو هەیسەم والی داعش و لەلایەن پارتیشەوە بەرپرسێكیان بەناسناوی ئەبو دیار ئیمزاكراوە.

 

روونیشیكردەوە كە بەپێی رێككەوتنەكە پارتی لەڕووی دابینكردنی چەك و دوربینی شەو و مووشەكی دژە زرێپۆش و دیاریكردنی شوێنی سەلامەت بۆ كشانەوەی چەكدارەكانی داعشەوە هاوكاری كردوون و لەبەرامبەریشدا دەبێت تیرۆریستان دژی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بجەنگن.

 

ئاماژەشیدا كە بەپێی رێككەوتنەكە نزیكەی 800 چەكداری داعش بەرەو ناوچەكانی ژێر دەستی پارتی كشاونەتەوە و خۆیشی یەكێك بووە لەو 200 چەكدارەی كە بەهۆی هەڵەكردنی رێگەوە، دەستگیركراوە.

 

پێشتریش دانپێدانانی چەندین تیرۆریستی داعش بڵاوكرانەوە كە سەرجەمیان جەخت دەكەنەوە لەوەی رێككەوتنیان لەگەڵ پارتیدا هەبووە.

 

 

 

هه‌وڵه‌كان بۆ دوورخستنه‌وه‌ى "ئاشتى هه‌ورامى" له‌ پۆستى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات و به‌پێى زانیاریه‌كان "پارتى دیموكراتى كوردستانیش به‌و هه‌نگاوه‌ رازى بووه‌"، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكى لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت "وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ ته‌نها ناتوانێت بڕیاره‌ قورسه‌كان بدات به‌ڵكو كه‌سانێك هه‌ن له‌ سه‌رو و له‌ خوارو ئه‌و وه‌زیره‌وه‌ وه‌كو تیم كاریان كردووه‌".

 

"رێواس فایه‌ق" ئه‌ندامی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ رۆژنامه‌ى "ئاژانس"ى راگه‌یاندووه‌ "ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران یادداشتێكمان واژۆ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی هه‌ورامی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ نازانین بۆچی چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و زانیاریمان له‌سه‌ر مه‌به‌ستی گه‌شته‌كه‌ی نییه‌".

 

ناوبراو كه‌ ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستانه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ "هه‌وڵی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ ده‌ده‌ین له‌ ئاشتی هه‌ورامی ‌و ئه‌و هه‌نگاوه‌ش پێویستی به‌ ده‌نگی 74 په‌رله‌مانتار هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌ بێ فراكسیۆنی پارتی ناتوانین ئه‌و كاره‌ بكه‌ین".

 

هه‌ر له‌باره‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ "به‌هزاد عه‌بدولقادر" سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند "په‌رله‌مان به‌ نیازه‌ متمانه‌ له‌ ئاشتی هه‌ورامی بسه‌نێته‌وه‌ ‌و به‌ په‌رله‌مانتارانی پارتییشیمان وتووه‌ پشتیوانیمان بكه‌ن".

 

به‌پێى زانیاریه‌كان، له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی پارتی له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمدا ئه‌و حزبه‌ رایگه‌یاندووه‌، لارییان له‌وه‌ نییه‌ "ئاشتی هه‌ورامی" له‌ پۆسته‌كه‌ی لاببردرێت "وه‌ك به‌شێك له‌ پڕۆسه‌ی چاكسازیی له‌ حكومه‌تدا".

 

هاوكات "فه‌رحان جه‌وهه‌ر" ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند "ده‌بێت چاوه‌ڕێی روونكردنه‌وه‌ و وه‌ڵامه‌كانی ئاشتی هه‌ورامی بین، ئه‌گه‌ر وه‌ڵام و روونكردنه‌وه‌كانی بڕواپێهێنه‌ر نه‌بوون، ئه‌وكات ده‌توانرێت پرسی سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ ناوبراو بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌".

 

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ "شێركۆ جه‌وده‌ت" سه‌رۆكى لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاندووه‌ "ئاشتی هه‌ورامی بانگهێشت ده‌كه‌ین بۆ په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر نه‌هات یان رێگری كرا له‌ هاتنی، ئه‌وا فشاری دیكه‌مان ده‌بێت".

 

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ "ئاشتی هه‌ورامی به‌ ته‌نیا ناتوانێت ئه‌و بڕیاره‌ قورسانه‌ بدات، كه‌سانێك هه‌ن كه‌ له‌ سه‌رو و له‌ خوارو ئاشتی هه‌ورامییه‌وه‌ وه‌كو تیم به‌ مونه‌زه‌می كاریان كردووه‌".

 

له‌باره‌ى پرسى لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانى حكومه‌ت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌، "شێركۆ جه‌وده‌ت" ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو "په‌رله‌مان وه‌كو بینا هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌سه‌ڵات كه‌ بتوانێت سزا بدات و متمانه‌ بسه‌نێته‌وه‌ له‌ به‌رپرسان، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نیه‌".

 

سه‌رۆكى لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان راشیگه‌یاندووه‌ "ئه‌و مه‌له‌فه‌ جددیانه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی داواكاری گشتی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانمان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ رێوشوێنی پێویست وه‌ربگیرێت، په‌كخراون".

 

"ئاشتی هه‌ورامی" وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ماوه‌ی دوو مانگه‌ هه‌رێمی كوردستانی به‌جێهێشتووه‌، تاوه‌كو ئێستا مه‌به‌ستی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی روون نه‌بووه‌ته‌وه‌.

 

له‌ كابینه‌ى ئێستا و كابینه‌كانى رابردووى حكومه‌تى هه‌رێمدا وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتى كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت و "ئاشتى هه‌ورامى" وه‌زیرى وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌.

 

فەرمانی دەستگیركردن بۆ  عەمید سەرحەد قادر  ، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركوك و 12 ئەفسەری دیكەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگاكە بە ماددەی 4ی تیرۆر دەرچووەوە و فەرمانەكەش ئاراستەی پۆلیسی شارەكە كراوە بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێن بۆ دەستگیركردنیان.

دادگای لێكۆڵینەوەی رەسافە بە نوسراوی ژمارە (21115) لە بەرواری 19ی تشرینی دووەم فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 13 ئەفسەری باڵای پۆلیسی كەركوك دەركردووە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگاكەی كردووە بەمەبەستی دەستگیركردنیان.

بەپێی نوسراوەكەی دادگا، فەرمانی دەستگیركردنەكە بەپێی بڕگەی 1ی مادەی 4ی یاسای قەڵاچۆكردنی تیرۆر دەركراوە و داوادەكات رێوشوێن لە دژی ئەو ئەفسەرە هەڵاتووانە بگیرێتەبەر.
 

 
ناوی ئەفسەرەكانی دیكە كە بەبێ ناوهێنانی پلە و ناونیشانیان لەنوسراوەكەدایە:
1- عەبدوڵا نورەدین بەهائەدین  
2 - ستار حەجی بەكر 
3- سەركەوت جەلال مەولود  
4- ماهر عەلی حەواس 
5- یاسر عەلی حەواس  
6 - محەمەد محسن حەمە مستەفا  
7- بەكر محەمەد عەلی فنش 
8- كەریم كاكەمەند 
9- عادل ئیسماعیل مەولود  
10- سۆران محسن حەمە مستەفا  
11- فوئاد مەنسور - ئەفسەر لە بنكەی پۆلیسی دوبز