جەیمس ماتیس: هەڕەشەكانی ترەمپ بۆ سزادانی توركیا كاریگەری لەسەر پەیوەندییە سەربازییەكان نەكردووە

هەواڵەکان
وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سزادانی توركیا، كاریگەری لەسەر پەیوەندییە سەربازییەكان نەكردووە.

جەیمیس ماتیس لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەڕەشەكانی ترەمپ بە سزادانی توركیا، كاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان ئەمریكا و توركیا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان نەبووە، لە ئێستادا پەیوەندی بەھێزمان لەگەڵ توركیادا ھەیە".

ماتیس لەبارەی بڕیاری ھەڵپەساردنی پێدانی فڕۆكەی ئێف -٣٥ بە توركیا بۆ ماوەیەكی كاتی لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكاوە رایگەیاند، كە ئەو پرسەش كاریگەری لەسەر پەیوەندییە سەربازییەكان نەبووە.

ماتیس ئاشكراشیكرد، بەم نزیكانە چالاكی دەورییەی ھاوبەشی نێوان ئەمریكا و توركیا لە منبەچ دەستپێدەكات، كەلوپەلەكانی مەشق و راھێنان لە بنكەی سەربازیی ئینچەرلیك هێنراونەتە خوارەوە.

جەیمیس ماتیس وتیشی، "دڵنیا نیم بە تەواوی كەی راهێنانی ھاوبەش دەستپێدەكات، چونكە پێش ھەموو شتێك پێویستە گشت ھەلومەرجەكان برەخسێنرێن".