نازناوی خانمی به‌خشنده‌ به‌خشرایه‌ خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د

هەواڵەکان

ئێوارەی ئەمڕۆ 4-8-2018 لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی رێورەسمێكی شایستە بۆ رێزلێنان لە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رێكخرا، لە پای هەوڵ و پشتیوانییەكانی بۆ مۆزەخانەی سلێمانی و پاراستنی مێژوو كەلتور و كەلەپوری كوردو نازناوی خانمی بەخشندەی پێ بەخشرا.

.

لە مەراسیمەكەدا كە ژمارەیەكی بەرچاو لە لێپرسراوانی حكومی حزبی و رۆشنبیران ئامادەی بوون، د.دڵشاد مستەفا وتەیەكی پێشكەشكرد و رۆڵی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی بەرز نرخاند لە پشتیوانییە بەردەوامەكانی بۆ پاراستنی كلتور و ئەدەب و هونەر نۆژەنكردنەوەی ماڵی رۆشنبیر و ئەدیبی كورد ئیبراهیم ئەحمەد.

هەر لە مەراسیمەكەدا هاشم حەمە عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی لە وتەیەكدا سوپاسی بێپایانی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی كرد، كە هەمیشە هەوڵی هێشتنەوەی كلتور و مێژووی كوردی داوەو یارمەتیدەری مۆزەخانەكەیان بووەو پاڵپشتی پرۆژەكانییان بووە و ئەركی نۆژەنكردنەوەی مۆزەخانەكەشی گرتووەتە ئەستۆ.

دواتر پەردە لەسەر دیوار بەندێك لادرا كە وێنەی خاتوونی بەخشندە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی لەسەر هەڵكۆڵرابوو.

هەر لە رێورەسمەكەدا خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە خاتوونی بەخشندە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد .