وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق سه‌ردانی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ده‌كات

هەواڵەکان

ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 6-8-2018 له‌ شاری سلێمانی كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازی كرد له‌ بریكاری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق و وه‌فدێكی وه‌زاری هاوڕێی كه‌ پێكهاتبوون له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دابه‌شكردن و كادیرانی به‌شه‌كه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئاماده‌ی بوو، جێگری سكرتێری گشتی به‌ گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ڕۆڵی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق كردو جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌ره‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن له‌ ئامانجی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان.

لای خۆیانه‌وه‌ وه‌فدی میوان به‌وردی گوێیان له‌وته‌كانی جێگری سكرتێری گشتی گرت و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌په‌ره‌ به‌ كاره‌كانیان ده‌ده‌ن و پلانی دابه‌شكردن فراوانتر ده‌كه‌ن.

له‌ به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا كۆسره‌ت ڕه‌سول عه‌لی به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ پێویسته‌ به‌پلان و به‌رنامه‌یه‌كی ورد كاربكرێ بۆ پێشخستنی كه‌رتی نه‌وت و سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌عیراق.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌باره‌ی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌گشتی و. كێشه‌ی نه‌وت به‌تایبه‌تی و جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ پلانی هاوبه‌ش و گشتگیر هه‌بێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌و سه‌رجه‌م كێشه‌كانی تر.