یەكێتی سكاڵا لەسەر لایەنەكان تۆمار دەكات

هەواڵەکان

یەكێتی رایدەگەیەنێت دوای راگەیاندنی ئەنجامەی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە سكاڵا لەسەر ئەو كەس و لایەنانە تۆمار دەكەن كە سوكایەتیان بەیەكێتی و دەنگدەرەكانی كرد، دەشڵێت: یەكێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا  راگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا دۆخی عیراق، كەركوك،هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و گۆنگرەی یەكێتی تاووتوێكرا.

وتیشی: لەسەر دۆخی عیراق، وەك یەكێتی بەشێك دەبین لەچارەسەركردنی كێشەكان و دەوری ئیجابی دەبین و هەوڵدەدەین بەو بەرنامە هاوبەشی لەگەڵ پارتی نوسیومانە دوای تەواوكردنی پابەند دەبین بەدەستورو هەوڵدەدەین ئەو پرۆژەیە ببێتە هاندەر بۆ چارەسەری كێشەكان و پێكهێنانی حكومەتی عیراق و هەموو لایەنەكانیش هەرێمیش دەتوانن بەشداری بكەن لەو پرۆژەیەدا.

لەبارەی كەركوكیشەوە، وتی: كەركوك بەدرێژایی مێژوو بۆ ئێمە داینەمۆی كێشە سیاسییەكانمان بووە، بۆیە دادگای فیدراڵی كە بڕیاریدا بەژماردنەوەی دەستی دەنگەكان، دەركەوت ئەو دەنگانە بە چ پێكهاتەیەك و لەناو ئەو پێكهاتەشدا بە چ لایەنێكی دیاریكراو دراوەو هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەسەر نەهاتووە.

راشیگەیاند: لەمەودوا یەكێتی پێداگری مەبدەئی و چارەنوسساز لەسەر بارودۆخی كەركوك دەكات بۆ رێكخستنەوەی ئیدارەكەیی، ئەو بارودۆخەشی بەزۆر دەیانەوێت بەسەر كەركوكدا بیسەپێنن بەهاوكاری ناوەو دەرەوەی عیراق دەبێت گۆڕانكاری بەسەردا بێت و كورد نابێت بەشێك بێت لەو ئاڵۆزییە.

وتەبێژی یەكێتی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیشەوە، وتی:سەرۆكی لیستمان دیاریكردوە، بەرنامەی یەكێتی نوسراوەو ئامادەشین بۆ هەڵبژاردن، ئەگەر لایەنەكانیش پێمانوایە لەو ماوەیەدا دوو هەڵبژاردن دەكرێت و گۆڕانكاری بكرێت لەكاتی هەڵبژاردندا وەك یەكێتی كێشەمان نیە، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا دەكرێت ئەوە هەموو ئامادەسازییەكمان كردوەو ئامادەین.

راشیگەیاند: دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەنجامی دەنگەكان هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت، یەكێتی لەڕێی بەیاننامەیەكەوە روونكردنەوەی بەجێ دەدات و مەڵبەندەكانیش مافی خۆیانە سكاڵا لەسەر ئەو لایانە تۆمار بكەن كە سوكایەتیان بەدەنگدەرو كاندیدەكان و یەكێتی كردوە.

وتیشی: لەمەودوا ئەو لایەنانە سكاڵایان هەیە لەسەر دەنگەكان دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن، نەك بەرۆكی یەكێتی بگرن.

لەبارەی كۆنگرەی یەكێتیشەوە، رایگەیاند: مەكتەبی سیاسی جارێكی دیكە تەئكیدی لەسەر بەستنی كۆنگرە كردەوە، هەموو بابتەتەكانی پەیوەست بەكۆنگرەشەوە باسی لێوەكرا، وەك پرۆژەیەكیش دەخرێتە بەردەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە لەم رۆژانەدا بەڕێوەدەچێت بۆ پەسەند كردنی و لەهەمانكاتدا وەرگرتنی بۆچونی ئەنجومەنی ناوەندی بۆ دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە.