كوفی ئه‌نان سكرتێری پێشووتری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كۆچی دواییكرد

هەواڵەکان

كوفی ئه‌نان سكرتێری پێشووتری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ته‌مه‌نی 80 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

كوفی عه‌تا ئه‌نان ڕۆژی 8 ی نیسانی ساڵی 1938 له‌ناو بنه‌ماڵه‌یه‌كی خانه‌دان له‌ وڵاتی غانا له‌دایكبووه‌. كوفی له‌گه‌ڵ خوشكێكی دوانه‌ بوون، خوشكه‌كه‌ی ناوی ئه‌فوا بوو كه‌ ساڵی 1991 كۆچی دواییكردووه‌. به‌كالۆریسی هه‌بووه‌ له‌ ئابووریدا و ماسته‌ری هه‌بووه‌ له‌ كارگێڕیدا. له‌ساڵی 1962 بۆ یه‌كه‌مینجار چوه‌ته‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و چه‌ندین پۆستی له‌و ڕێكخراوه‌یه‌دا له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌ كه‌ دوایین پۆستی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بووه‌.

دوو جار ژنی هێناوه‌ و سێ منداڵی هه‌یه‌ و زمانه‌كانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و چه‌ند زمانێكی ئه‌فریقی زانیوه‌.

له‌ڕۆژی 13ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1996 بۆ پۆستی ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش هه‌ڵبژێردرا و له‌مانگی كانوونی دووه‌مدا بوو به‌سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ساڵی 2001 كوفی ئه‌نان و ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبێلی –یان وه‌رگرت و ساڵی 2006 خانه‌شین كرا و دواجار له‌ ته‌مه‌نی 80 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.