یه‌كێتی سكاڵا له‌سه‌ر كه‌ته‌ر وه‌شێنێكی "بندیوار" تۆمار ده‌كات

هەواڵەکان

ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی سكاڵا له‌سه‌ر كه‌ته‌ر وه‌شێنێكی بندیواری سه‌ر به‌هێزه‌كانی فه‌له‌ك تۆمار ده‌كات كه‌ ریكلامه‌كانی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر ده‌دڕێنێت.

 

د. بڕیار ره‌شید وته‌بێژی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان راگه‌یاند: له‌ لایه‌ن به‌شی یاسایی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ سكاڵای یاساییمان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ تۆمار كردوه‌ كه‌ خۆی به‌ ریفراندۆم چی وه‌سفده‌كات و پۆسته‌ره‌كانی بانگه‌شه‌ی یه‌كێتی ده‌دڕێنێت.

 

وتیشی: به‌ به‌ڵگه‌یی ڤیدۆیی و وێنه‌ییه‌وه‌ سكاڵاكه‌مان له‌ لای كۆمسیۆن تۆماركردوه‌و چاوه‌ڕوانی رێكاره‌ یاساییه‌كانی كۆمسیۆنین، هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێك پۆسته‌ر و ریكلامه‌كانمان بدڕێنێت سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ین و رووبه‌ڕووی یاسایی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان ئه‌و كه‌سه‌ ناوی ( م. م. ع) ه‌و له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌شی میره‌ ده‌وامی كردوه‌و ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ هێزه‌كانی فه‌له‌ك و له‌ ئێستاشدا بندیواره‌.

ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ڵمه‌تی دڕاندو بوختان هه‌ڵبسه‌ت له‌ لایه‌ن هه‌ندێك قه‌واره‌و كه‌سایه‌تی لایه‌نه‌كانه‌وه‌ بۆ سه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ستیپێكردوه‌و وته‌بێژی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیش ده‌ڵێت، هیوادارین خه‌ڵكی خۆڕاگری كوردستان به‌ ده‌نگه‌كانیان له‌ رۆژی 30 ی ئه‌یلول، وه‌ڵامی ئه‌و كاره‌ چه‌واشه‌كاریی و بوختانانه‌یان بده‌نه‌وه‌و فڕێیان بده‌ن زبڵدانی مێژوو.