یەك تیم بۆ سەرخستنی لیستی 105ی یەكێتی

هەواڵەکان

شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەڵبەندی سێی هەولێر، پێشوازی لە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و ئاسۆ مامەند لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك‌و هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی سەركردایەتی، كردو لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی سێ، كۆبوونەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی دواهەمین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لەناوچەكەو ناوخۆدا كراو تاوتوێی پرسی كاندیدكردنی د.بەرهەم ساڵح وەك تاكە كاندیدو كاندیدی رەسمی لەسەر پشكی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، كرا، كە رێوشوێنە یاساییەكان بۆ ئەو مەبەستە گیراونەتەبەرو ناوی تۆماركراوە، هەروەها باس لەوە كرا كە یەكێتی سەرجەم كارە سیاسی‌و یاساییەكان لەپڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ بەربژێرەكەی خۆی‌و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق، راییدەكات‌و كاری جددی بۆ كردووەو بەردەوامیش دەبێت، هەروەك خوێندنەوەش بۆ ئەو هەڵە تێگەیشتنانە كرا كە لەپەیوەندییە سیاسییەكاندا روویانداوە، ئەوەش بەمەبەستی چارەسەركردنیان.

لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، دەستخۆشی لەگوڕوتین‌و پەرۆشیی لایەنگرو كادیر‌و جەماوەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرا، كە هەمووان وەك یەك تیم، كاردەكەن بۆ سەرخستنی لیستی 105ی یەكێتی‌و ئامادەبووانیش پاڵپشتی‌و هاوكاری‌و پشتیوانییەكانیان بۆ سەركەوتنی لیستی یەكێتی‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دووپاتكردەوە، كە هەمووان هاوڕابوون ئەمجارە یەكێتی سەركەوتنێكی گەورە تۆماردەكات، چونكە جەماوەری كوردستان دەزانن‌و ئەوەیان بۆ روونبۆتەوە كە بەڕۆڵی سەرەكی یەكێتی لەگۆڕەپانی سیاسیدا، رەوشی سیاسی‌و ئابووری‌و پەیوەندییە سیاسییەكان دەچێتە دۆخێكی ئارام‌و پێشكەوتووەوە، بۆیە بەهەستكردن بەبەرپرسیارێتیی مێژوویی، هەمووان یەك دەنگ‌و یەك هەڵوێست بوون، بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرخستنی لیستی سەوزی یەكێتی.