له‌ ساڵڕۆژی راپه‌ڕینی هه‌ولێرشالاو کۆسرەت رەسول پەیامێکى بڵاوکردووە

هەواڵەکان

جه‌ماوه‌رى خۆڕاگرو تێكۆشه‌رى هه‌ولێر
قاره‌مانانى شارو شارۆچكه‌كانى هه‌ولێرو ده‌وروبه‌رى
 
له‌ ساڵڕۆژی راپه‌ڕینى هه‌ولێرو راماڵینى به‌عس له‌ شاره‌ خۆڕاگره‌كه‌مان، به‌ناوى خۆم و هه‌ڤاڵانم له‌ مه‌ڵبه‌ندى 3ى رێكخستنى هه‌ولێر گه‌رمترین پیرۆزباییتان ئاراسته‌ ده‌كه‌م، هیوادارم ئه‌م رۆژه‌ پیرۆز و پڕ شكۆیه‌ ببێته‌ هه‌وێنى سه‌ركه‌وتنى زیاترو به‌دیهێنانى ئاوات و ئامانجه‌كانى راپه‌ڕین.
 
هه‌ولێرییه‌ سه‌ربه‌رزه‌كان...
28 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، جه‌ماوه‌رى دڵ پڕ له‌قین به‌رامبه‌ر به‌عس، رێكخستنه‌ نهێنییه‌كان و شانه‌ چه‌كداره‌كانى بروسك، به‌ پاڵپشتى و پشتیوانى و به‌شدارى راسته‌وخۆی پێشمه‌رگه‌ پارتیزانه‌كان و هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌ به‌ره‌به‌یانى 11ى 3 و له‌دوای گه‌یشتنى په‌یامى "له‌باوكى رێناسه‌وه‌ بۆ شانه‌ چه‌كداره‌كانى بروسك، لێتانه‌وه‌ نزیكین، ده‌ستبه‌كاربن" هه‌موومان تێكڕا به‌بێ جیاوازى دژی دڕنده‌ترین و فاشیستترین رژێمى ناوچه‌كه‌ راپه‌ڕین و له‌ هه‌ولێری سه‌ركه‌شى قه‌ڵاو مناره‌ وه‌ده‌رمان نان.
به‌ڵێ، ئه‌وێ رۆژێ كچان و كوڕانى هه‌ولێر، قاره‌مانان و تێكۆشه‌رانى هه‌ولێری هۆلاكۆ به‌زێن، له‌ چه‌ند سه‌عاتێكدا توانیان گه‌وره‌ترین مۆڵگه‌كانى به‌عس له‌مشاره‌ رابماڵن و پێیان بڵێن هه‌ولێرى پایته‌خت وه‌ك هه‌میشه‌ دژی زوڵم و سته‌م وه‌ستاوه‌و ده‌وه‌ستێ، ناهه‌قی قبوڵ نه‌كردووه‌و نایكا، ئه‌مه‌ كلتوورى هه‌ولێره‌.
 
كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان...
پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان...
كه‌مئه‌ندامانى سه‌نگه‌ر...
رێكخستنه‌ دێرینه‌كان...
جه‌ماوه‌رى خۆڕاگری هه‌ولێر...
به‌رهه‌مى راپه‌ڕین و ئازادكردنى هه‌ولێرو شار و شارۆچكه‌كانى ترى كوردستان، حوكمڕانى كوردى و دام و ده‌زگا شه‌رعیه‌كانى كوردستانى لێ به‌رهه‌م هات، باش ده‌زانین به‌شێكى زۆر له‌ ئامانجه‌كانى راپه‌ڕین به‌دى نه‌هاتوون، ئه‌ركى له‌پێشینه‌ى هه‌موومانه‌، وه‌فادار بین به‌رامبه‌ر خه‌بات و قوربانیدانى هه‌ڤاڵانمان و خوێنى شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانمان و ده‌ست له‌ناو ده‌ست خه‌بات بكه‌ین بۆ حوكمڕانییه‌كى ته‌ندروست و هاوسه‌نگ له‌ كوردستان، مافی هاووڵاتیبوون به‌بێ جیاوازى به‌ هه‌مووان بدرێ و یه‌كسانى و دادپه‌روه‌رى بنه‌ماى حوكمڕانیمان بێ.
نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێ، ئه‌وه‌ هه‌ولێرییه‌ ره‌سه‌نه‌كان بوون ئه‌وێ رۆژێ بوونه‌ قه‌ڵغانى به‌ره‌نگارى به‌عس و شاره‌كه‌یان لێ پاككردنه‌وه‌، بۆ ئه‌مڕۆش ده‌بێ هه‌ولێر هه‌ولێری هه‌موو هه‌ولێریان بێ و پایته‌ختى هه‌موو كوردستانیان بێ.
جارێكى تر، له‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌دا، پیرۆزبایی گه‌رمى خۆم له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسی و گه‌نجان و لاوانى هه‌ولێر و ته‌واوى هه‌ولێریان ده‌كه‌م، ئومێد ده‌كه‌م ئه‌م یاده‌ پیرۆزه‌ بكه‌ینه‌ هه‌وێنى خزمه‌تكردنى زیاترى هاووڵاتیانمان و به‌هێزكردنى پایه‌كانى حوكمڕانیه‌كى ته‌ندروست له‌ كوردستان.
 
 
شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سول
لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى 3ى رێكخستنى هه‌ولێری
یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان