كۆسرەت ڕەسول پێشوازی لە كونسوڵی توركیا لە هەرێم كرد

هەواڵەکان

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٠/٤/٢٠١٩ لە شاری سلێمانی، كۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازی كرد لە هاكان كەرەجای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستان و وەفدی هاوڕێی.
‎لە دیدارێكدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، هەردوولا هاوڕابوون كەپێویستە پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بدرێ و هەماهەنگی و هاوكاری زیاتر لەنێوانیان هەبێ.
‎دۆخی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، جێگری سكرتێری گشتی تیشكی خستە سەر پلان و بەرنامەی یەكێتی بۆ حوكمڕانی و جەختی لەوە كردەوە كە یەكێتی لەسەرەتای گفتوگۆكان پێداگری جدی كردووە لەسەر شەراكەتی ڕاستەقینەی نێوان لایەنەكان و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بەهاونیشتمانیان.
‎لای خۆیەوە كونسوڵی توركیا لەهەرێمی كوردستان هیوای خواست لە ئایندەیەكی نزیكدا كابینەی تازەی حكومەت پێكبێت و سەرجەم لایەنە براوەكان ڕۆڵی دیارو بەرچاویان هەبێ لە حوكمڕانی كوردستاندا.
‎لە دیدارەكەدا جێگری سكرتێری گشتی و كونسوڵی توركیا لەهەرێمی كوردستان گفتوگۆیان كرد لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و دووپاتیان كردەوە كە پێویستە پەیوەندییەكی پتەو لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەردوولا هەبێ.