كۆسرەت ڕەسول عەلی و شاندێكی باڵای ئەمریكا كۆبوونەوە

هەواڵەکان

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩/٥/٢٠١٩ لەشاری هەولێر كۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازی لە داڤید ساتەر فیڵد یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و لێپرسراوی نووسینگەی كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو جۆی هود هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق و جەنەڕاڵ پۆڵ لاكامیرا فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و ستیڤن فەیگن كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كرد.

‎لە دیدارەكەدا، كە سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و دەرباز كۆسرەت ڕەسول وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن. ئامادەی بوون، گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و قۆناغی دوای جەنگی داعش.

‎لە سەرەتای دیدارەكەدا كۆسرەت ڕەسول سوپاسی هێزی هاوپەیمانانی كرد كە لە جەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هاوكاری پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان بوونەو دووپاتی كردەوە كە پێویستە لەپاڵ بەرەنگاربوونەوەی سەربازی بەرەنگاری فكڕی توندڕەویش ببنەوە.

‎تەوەرێكی تری دیدارەكە گفتوگۆكردن بوو لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێڕاق و ناوچەكە، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە لێكتێگەیشتنی هاوبەش هەبێ بۆ پرسەكان و بەگفتوگۆو دیالۆگ كێشەكان چارەسەر بكرێن.