كۆسره‌ت ره‌سول پێشوازى له‌ كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ عێراق كرد

هەواڵەکان

سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23/6/2019 له‌ شارى سلێمانى، كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى جێگری سكرتێری گشتى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان پێشوازى كرد له‌ "مارتن وار" كونسوڵی گشتى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى كوردستان و وه‌فدێكى هاوڕێی.

‎له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆی وردو جدى كرا له‌سه‌ر دۆخى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غداو هه‌ردوولا راشكاوانه‌ دیدو بۆچوون و تێڕوانینى خۆیان خسته‌ڕوو.

‎له‌ دیداره‌كه‌دا جێگری سكرتێری گشتى، كورته‌یه‌كى له‌باره‌ى دۆخى كوردستان و په‌یوه‌ندى نێوان لایه‌نه‌كان به‌گشتى و هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خسته‌ڕوو و دیدى فه‌رمى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانى بۆ وه‌فدی میوان خسته‌ڕوو.

‎په‌یوه‌ست به‌ دۆخى عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستوور و به‌ لێكتێگه‌یشتنى هاوبه‌ش له‌پێناو خزمه‌تكردنى زیاتر به‌ هاونیشتمانیان بنیات بنرێته‌وه‌و پته‌و بكرێ.

‎لاى خۆیه‌وه‌ كونسوڵی به‌ریتانیا، هیواى خواست سه‌رجه‌م كێشه‌و گیروگرفته‌كان به‌ گفتوگۆو لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێن، هاوكات ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌م سه‌ردانه‌ى بۆ لاى جێگری سكرتێری گشتى به‌مه‌به‌ستى ماڵئاوایی و كۆتایی هاتنى كاره‌كانیه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان.

‎له‌ به‌رامبه‌ردا جێگری سكرتێری گشتى سوپاسی كونسوڵی گشتى به‌ریتانیاى كرد، كه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا توانیویه‌تى رۆڵی ئیجابی خۆی بگێڕێ له‌ هه‌رێمى كوردستان و هیواى خواست له‌ كاره‌كانى داهاتووى سه‌ركه‌وتوو بێ و كونسوڵی داهاتووش درێژه‌ به‌ كاره‌كانى ئه‌و بداو رۆڵی ئه‌رێنى ببینێ له‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌ریتانیا.

‎هەروەك كۆسرەت ڕەسول سوپاسی بەریتانیاو سەرجەم وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆر هاوكاری پێشمەرگەیان كردووەو ڕۆڵی سەرەكیان هەبووە