چاوه‌ڕوانییه‌كان له‌ نێوان گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى و لابردنى له‌ پۆسته‌كه‌ى

هەواڵەکان

هه‌وڵه‌كان بۆ دوورخستنه‌وه‌ى "ئاشتى هه‌ورامى" له‌ پۆستى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات و به‌پێى زانیاریه‌كان "پارتى دیموكراتى كوردستانیش به‌و هه‌نگاوه‌ رازى بووه‌"، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكى لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت "وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ ته‌نها ناتوانێت بڕیاره‌ قورسه‌كان بدات به‌ڵكو كه‌سانێك هه‌ن له‌ سه‌رو و له‌ خوارو ئه‌و وه‌زیره‌وه‌ وه‌كو تیم كاریان كردووه‌".

 

"رێواس فایه‌ق" ئه‌ندامی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ رۆژنامه‌ى "ئاژانس"ى راگه‌یاندووه‌ "ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران یادداشتێكمان واژۆ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی هه‌ورامی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ نازانین بۆچی چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و زانیاریمان له‌سه‌ر مه‌به‌ستی گه‌شته‌كه‌ی نییه‌".

 

ناوبراو كه‌ ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستانه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ "هه‌وڵی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ ده‌ده‌ین له‌ ئاشتی هه‌ورامی ‌و ئه‌و هه‌نگاوه‌ش پێویستی به‌ ده‌نگی 74 په‌رله‌مانتار هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌ بێ فراكسیۆنی پارتی ناتوانین ئه‌و كاره‌ بكه‌ین".

 

هه‌ر له‌باره‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ "به‌هزاد عه‌بدولقادر" سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند "په‌رله‌مان به‌ نیازه‌ متمانه‌ له‌ ئاشتی هه‌ورامی بسه‌نێته‌وه‌ ‌و به‌ په‌رله‌مانتارانی پارتییشیمان وتووه‌ پشتیوانیمان بكه‌ن".

 

به‌پێى زانیاریه‌كان، له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فدی پارتی له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمدا ئه‌و حزبه‌ رایگه‌یاندووه‌، لارییان له‌وه‌ نییه‌ "ئاشتی هه‌ورامی" له‌ پۆسته‌كه‌ی لاببردرێت "وه‌ك به‌شێك له‌ پڕۆسه‌ی چاكسازیی له‌ حكومه‌تدا".

 

هاوكات "فه‌رحان جه‌وهه‌ر" ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند "ده‌بێت چاوه‌ڕێی روونكردنه‌وه‌ و وه‌ڵامه‌كانی ئاشتی هه‌ورامی بین، ئه‌گه‌ر وه‌ڵام و روونكردنه‌وه‌كانی بڕواپێهێنه‌ر نه‌بوون، ئه‌وكات ده‌توانرێت پرسی سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ ناوبراو بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌".

 

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ "شێركۆ جه‌وده‌ت" سه‌رۆكى لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاندووه‌ "ئاشتی هه‌ورامی بانگهێشت ده‌كه‌ین بۆ په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر نه‌هات یان رێگری كرا له‌ هاتنی، ئه‌وا فشاری دیكه‌مان ده‌بێت".

 

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ "ئاشتی هه‌ورامی به‌ ته‌نیا ناتوانێت ئه‌و بڕیاره‌ قورسانه‌ بدات، كه‌سانێك هه‌ن كه‌ له‌ سه‌رو و له‌ خوارو ئاشتی هه‌ورامییه‌وه‌ وه‌كو تیم به‌ مونه‌زه‌می كاریان كردووه‌".

 

له‌باره‌ى پرسى لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانى حكومه‌ت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌، "شێركۆ جه‌وده‌ت" ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو "په‌رله‌مان وه‌كو بینا هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌سه‌ڵات كه‌ بتوانێت سزا بدات و متمانه‌ بسه‌نێته‌وه‌ له‌ به‌رپرسان، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نیه‌".

 

سه‌رۆكى لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان راشیگه‌یاندووه‌ "ئه‌و مه‌له‌فه‌ جددیانه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی داواكاری گشتی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانمان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ رێوشوێنی پێویست وه‌ربگیرێت، په‌كخراون".

 

"ئاشتی هه‌ورامی" وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ماوه‌ی دوو مانگه‌ هه‌رێمی كوردستانی به‌جێهێشتووه‌، تاوه‌كو ئێستا مه‌به‌ستی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی روون نه‌بووه‌ته‌وه‌.

 

له‌ كابینه‌ى ئێستا و كابینه‌كانى رابردووى حكومه‌تى هه‌رێمدا وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتى كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت و "ئاشتى هه‌ورامى" وه‌زیرى وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌.