سه‌عدی پیره‌: پۆستی سه‌رۆك كۆمار پشكی یه‌كێتی-یه‌

هەواڵەکان

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ڵێت" یه‌كێتی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌ پشكی خۆی ده‌زانێت، هه‌روه‌ها ئه‌ندامی خۆی كاندید ده‌كات بۆ ئه‌و پۆسته‌ نه‌ك كه‌سێك له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی بێت و هه‌موو لایه‌نه‌كان پشگیری بكه‌ن، به‌ڵكو یه‌كێتی پاش كاندید كردنی ئه‌ندامێكی خۆی داوا له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات كه‌پشتگیری كاندیده‌كه‌ی بكه‌ن، ده‌شڵێت، "قسه‌كردن له‌سه‌ر كاندید كردنی د.به‌رهه‌م بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ته‌نها بۆ بازاڕ خۆشكردنه‌، ئه‌گه‌رنا چ قه‌وماوه‌ یه‌كێتی كاندیدی له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌بێت؟ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: داخستنی كه‌ناڵی خه‌ندان په‌یوه‌ندی به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی د.به‌رهه‌م نیه‌ بۆ یه‌كێتی، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌دوای ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن د.به‌رهه‌م ناتوانێت مه‌سره‌فی بكات، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ده‌ڵێت" یه‌كێتی ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن ئه‌وا یه‌كێتی پشتگیرییان ده‌كات."

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 31ی ئابی 2018 له‌میانه‌ی وتوێژێكی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكادا سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند، یه‌كێتی ئه‌و پۆسته‌ به‌پشكی خۆی ده‌زانێت و ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت له‌سه‌ر كاندید بوونی د.به‌رهه‌م خۆی كاندید بكات ته‌نها قسه‌یه‌ و باس ده‌كرێت، دووه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆسته‌ به‌شی یه‌كێتی بێت ئه‌وا یه‌كێتی ئه‌ندامێكی خۆی كاندید ده‌كات ئێمه‌ كه‌سێك كاندید ناكه‌ین كه‌ كاندیدی هه‌موو لایه‌نه‌كان بێت ته‌نها داوا له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ پشتیوانی ئه‌و كاندیده‌ بێت كه‌ ئه‌ندامی ئێـمه‌یه‌ و خۆمان كاندیدی ده‌كه‌ین، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ تا ئێستاش له‌ناو یه‌كێتی باسی خۆ كاندیدكردنی كاك د.به‌رهه‌م نه‌كراوه‌، بۆیه‌ من پێم وایه‌ ئێستا قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌نها بۆ بازاڕخۆشكردنه‌ ئه‌گه‌رنا هیچ واتایه‌كی واقیعی نیه‌"

وته‌بێژی ره‌سمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌" یه‌كێتی ئه‌و پۆسته‌ (پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق) به‌به‌شی خۆی ده‌زانێت، چونكه‌ له‌ڕابردووشدا به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم درابوو به‌پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماریش درابوو به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، راسته‌ كاك مه‌سعود ئێستا ده‌ستی له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام خۆ مه‌به‌ستمان له‌كه‌سه‌كه‌ نه‌بوو به‌ڵكو له‌بابه‌تی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كاندا له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی هیچ له‌بابه‌ته‌كان نه‌گۆڕاوه‌، چونكه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم دراوه‌ به‌سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌"

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌وه‌شی وت" نه‌مبیستووه‌ د.به‌رهه‌م داوای كردبێت بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو یه‌كێتی ئه‌و بابه‌ته‌ كاتێك گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین كه‌ دكتۆر به‌رهه‌م خۆی داوا بكات بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو یه‌كێتی وه‌ من پێم وانیه‌ هاتنه‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتی یا چونه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌یه‌كێتی په‌یوه‌ندی به‌مه‌رجه‌وه‌ هه‌بێت مه‌رج پێویست ناكات"

له‌باره‌ی داخستنی كه‌ناڵی خه‌ندان خۆ ئاماده‌كردنی د.به‌رهه‌م بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار سه‌عدی پیره‌ وتی: داخستنی كه‌ناڵی خه‌ندانم نه‌مبیستووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ندان دابخرێت په‌یوه‌ندی به‌هۆكاری ئابوریه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك هۆكاری تر، چونكه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و مه‌سره‌فانه‌ نه‌كات له‌دوای ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، وه‌ك وتم خه‌ندان له‌به‌ر ئه‌وه‌ داده‌خرێت نه‌ك مه‌سه‌له‌ی هاتنه‌وه‌ی ناو یه‌كێتی."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌و پێیه‌ی هه‌فتانه‌ یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌، ڕای پارتی چیه‌ له‌سه‌ر كاندید كردنی كه‌سێكی كورد له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق؟

سه‌عدی ئه‌‌حمه‌د پیره‌ وتی" ئه‌و باسه‌ به‌وشێوه‌یه‌ ناكرێت ئه‌و كاته‌ی پێویست بكات كاندیدێك پێشكه‌ش بكه‌ین كاندیدی خۆمان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین" بۆ له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت واته‌ چی قه‌وماوه‌؟ ئێمه‌ كاندیدمان له‌ناو یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ده‌بێت و كاندیدمان ده‌بێت ئه‌ندامی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت و لایه‌نه‌كانی تر پشتیوانی لێده‌كه‌ن"

له‌باره‌ی كاندیدی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراقیش ده‌ڵێت" ئێستا ناتوانم هیچ بڵێم، چونكه‌ كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كۆبوه‌وه‌ بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان كاندید كردووه‌ بڕیار له‌سه‌ر یه‌كێكیان ده‌دات.

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ سه‌عدی پیره‌ وتی"، ڕای یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆمان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماده‌كردووه‌و لیستمان هه‌یه‌ و پاره‌ی پێویستێش بۆ هه‌ڵبژاردن ته‌رخان كردووه‌، سه‌رۆكی لیستمان به‌ڕێوه‌یه‌ كاری بۆ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی تر داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن ئێمه‌ پشتگیرییان ده‌كه‌ین .