راگەیاندراوێك لە راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە

هەواڵەکان

لەڕۆژی یەكەمی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای یەك هەڵوێستی و چوونە بەغدا بە یەك تیمی لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بۆ گفتوگۆ لەسەر ئیستحقاقاتی میللەتەكەمان بە پێی دەستووری هەمیشەیی عیراق.
بەڵام بە پێچەوانەی یەك هەڵوێستی، ئەمڕۆ 22/9/2018 لە دەزگاكانی راگەیاندنەوە گوێبیستی هەواڵی چوونە بەغدای وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووین كە بەسەرۆكایەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تاك لایەنە چوونەتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراق لەسەر كۆمەڵێك بابەتی پەیوەست بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق و بە تایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار، پاش ئەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەربژێری خۆی دیاریكردووە بۆ ئەم پۆستە كە (دكتۆر بەرهەم ساڵح)ە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەكاتی هەڵبژاردنی سەرۆك پەرلەمان و جێگرەكانی، پارتی دیموكراتی كوردستان تاك لایەنە گفتوگۆی كردبوو لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان.
هەرچەندە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تا ئەم ساتەش رێكارە یاساییەكانی نەگرتۆتەبەر بەمەبەستی تۆماركردنی بەربژێرەكەی بە پێی یاسای پەیڕەو كراو وەكو چاوەڕوانییەك بۆ بەدەستخستنی یەك هەڵوێستی، بەڵام ئەم كارەی برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكڕیزی ناو ماڵی كورد و یەكهەڵوێستی نایەتەوە، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سۆنگەی باوەڕی بە ئیستحقاقاتی سیاسی گەلەكەمان هەڵئەسێ بەكاری پێویست بۆ راییكردنی سەرجەم كارە سیاسی و یاساییەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ بەربژێرەكەی خۆی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی نوێ لە بەغدا، هەرچەندە هەوڵماندا پێكەوە بكەوینەوە گفتوگۆ بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام جێگای سەرسوڕمانە كە برایانی پارتی هیچ جۆرە ئامادەییەكیان بۆ ئەو مەبەستە دەرنەبڕی، لەگەڵ ئەوەشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تا هەنوكەش سوورە لەسەر سیاسەتی كاری پێكەوەیی و یەكهەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندی باڵای میللەتەكەمان و بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لەبەغدا، و دیارە كە رووداوەكانی رابردووش ئەو راستییەیان سەلماندووە كە هیچ كات كاری تاك لایەنە لەبەرژەوەندی باڵای میللەتەكەماندا نەبووەو نابێت.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك)
22/9/2018