كۆسرەت ڕەسول عەلی پێشوازی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرد

هەواڵەکان

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٩/٩/٢٠١٩ لەشاری سلێمانی، كۆسرەت ڕەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازی كرد لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی د. ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

‏‎لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندی نێوان پەرلەمانی كوردستان و هێزو لایەنە سیاسییەكان و جەخت لەوە كرایەوە كە هەماهەنگی تەواو هەبێ لەنێوان پەرلەمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان بەئامانجی باشتر بەڕێوەچوونی كارەكانی پەرلەمان.

‏‎هاوكات پرسەكانی پەیوەست بەبارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە تاوتوێكرا.

‏‎لەكۆبوونەوەكەدا كۆسرەت ڕەسول عەلی پشتیوانی خۆی بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەربڕی و هیوای خواست پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی كارای خۆی بگێڕێ لە دەركردنی یاسای باش و چاودێریكردنی كارەكانی حكومەت.

‏‎تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە تایبەت كرا بە ئامادەكاری بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، جێگری سكرتێری گشتی و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی وردو جدی بابەتەكەیان كردو دووپاتیان كردەوە كە پێویستە ئەم پرسە كۆدەنگی لەسەر بێ و هەوڵی جدی بدەن بۆ نووسینەوەی.

‏‎هاوكات جەختكرایەوە لەوەی پێویستە لایەنەكان هاوئاهەنگ و پشتیوان بن بۆ پڕۆسەی چاكسازی لە سەرجەم ئاستەكان و پەرلەمان ڕۆڵی كارای خۆی لەم پڕۆسەیە بگێڕێ.

‏‎بەشێكی تری كۆبوونەوەكە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بەدەستهێنانی پشتیوانی سیاسی حزب و لایەنە سیاسییەكان بۆ پڕۆسەی دیالۆگی بنیادنەرانە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بۆ مسۆگەركردنی ماف دەستووری و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.