فۆكۆیاما و حوكمڕانییەكەمان!

وتارەکان

فرانسیس فۆكۆیاما لە هەرێمی كوردستان شتی سەیری بینی و باس و بەسەرهات سەیرتری گوێ لێبوو، باس و بینینەكانی « شەرمهێنەر»ن، بۆ دەسەڵات و حوكمڕانی كورد، بەو پێیەی خوێندنەوە و دنیابینی فۆكۆ زۆرجیاوازە، هەر ئەوانەشە وایكردووە كە تێڕوانین و خوێندنەوەكانی بەهەند و كاریگەر وەربگیرێن، كە زۆرێكیان دەبنە تێزی كارلەسەركردن بەتایبەتی لە ئەمریكا و ناوەندە ئەكادیمییەكانی جیهانیش.

 

كورد و نوخبەی رۆشبیریی و كەمێك لە سیاسییەكانیش، فۆكۆیان بەنوسین و كتێبە بەنرخەكانییەوە ناسیووە، بەڵام ئەو كوردی لە دۆخێكی خراپدا ناسیی، كە یەكەمجارییەتی لە نزیكەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات ، كە بۆ پێنجەمین دیداری سلێمانی بانگهێشتكرابوو، وەكخۆی وتی یەكەم سەردانیەتی و شارەزایی لە سیاسەتی كورددا نییە! ئەم نەشارەزاییەی بە خێر بۆ زۆرێك لە سیاسییەكان شكایەوە، چونكە بیزانیایە، سیاسییەكان ملیاردێر و بازرگانی بێویژدانن!! چەند قورس دەبوو، یا بیزانیایە وەزیر و سەرووتر و خوارتری كابینەكانمان تەنیا پۆستەكانیان دەگۆڕێت، خۆیان ناگۆڕدرێن!!، چەند ناخۆش دەبوو، ئەی ئەگەر بیزانیایە «دێگەڵە» سپەیسی یەك ئیدارەیی و دوو بڕیاریی سیاسیی و دوو سیاسیەتی یەكچوارچێوە و ئازادیی و بیركردنەوەی جیا و یاساغی خۆپیشاندان و مافداواكردنە، چی روویدەدا؟ بۆ بیركردنەوەی ئەوێك كە فەیلەسووفی ئابووری سیاسییە!!.  

 

شۆك بۆ منێكی كورد ئەوكاتە زیاتربوو كە گوێبیستی سكاڵای پەرلەمانتارێكی دەركراوبووم!! جا دەبێ پرسیار و گومانەكان، بۆ ئەوێكی ناسراوی قاڵبووی فەلسەفەی  ئابووری سیاسیی!! چ بۆمبێك بووبن لەسەر «دیموكراسی» هەرێم و لە مێشكی ئەو فەیلەسوفەدا بتەقنەوە، دوای ئەوەی سێرچێكی بچووك دەكات بۆ ئەوەی بزانێت لە دۆخەكە بزانێت!!، بەڵام ئەوكات وەڵامی پێنەبوو، چونكە شارەزای سیاسەتی كوردی نەبوو، بەڵام پرسیاری پەرلەمانتارەكە سەمەرە بوو، وەك ئەوەی فۆكۆیاما بەرپرسی دێگەڵە بێت و سكاڵای لەلا بكات!! ئاخر ئەو فەیلەسووفە چی لەتۆ بكات ناهێڵن بچیتە هەولێر، چی داوە لە برادەرەكەت نەبووە بە پارێزگار!.

 

فۆكۆیاما-م بە خۆێندنەوەی كتێب و بابەتەكانییەوە ناسیوە، بەو جەدەلە جدییانە سەنگینتر بینیم كە لەسەر تێز و بابەتەكانی دەكران بەتایبەتی لە شاكاری «كۆتایی مێژوو» كە زۆرێك لە ناوەندە ئەكادیمی و فەیلەسووفە هاوسنفەكانی مژووڵ كرد، كەچی لە كوردستان بەو جۆرەخۆمان پێناساند، بیری ئەو مژووڵی  بازگەی دێگەڵە كرا، بەبێ ویستی خۆی ئەویش ناچاربوو كۆمێنتێك لەسەر حوكمڕانی كوردیی بدات، كە شەرمهێنەرە ، ئەو وتی: « حوكمڕانی باش ئەوەیە، بیستوچوار سەعات كارەبا بە خەڵكەكەی بدات»، ئەمە فەلسەفەیەكی قووڵە.

 

كورد 26 ساڵ لەمەوبەر حكومەت‌و سیستمێکی دیکتاتۆری رەتکردەوە، بووە خاوەنی دەسەڵات‌و حکومەتی خۆی، كەچی هێشتا حكومەتەکەی نەیتوانیوە 24 سەعات كارەبا بە خەڵكەكەی بدات، هەمیش سیستمەكەمان بەوجۆرەیە كە بەبڕیاری حزبی، سەرۆكی پەرلەمان و وەزیر دەردەكرێن»!!. كەواتە نە حكومەتی باش و نەسیستمی باشمان بەدەست نەهێناوە و حكومەتێكی 24 سەعاتی كارەباییشمان لەدەستداوە!!

 

ئەم وتەیەی فۆكۆیاما، كەم نییە، زادەی بیركردنەوەی قووڵە، بۆیە بۆ دەسەڵاتدار و حوكمڕانی هەرێمیش دەبێت بەهەندوەربگیرێت، باشترە ئەو وتەیە فۆكۆ (حوكمڕانی باش ئەوەیە، بیستوچوار سەعات كارەبا بە خەڵكەكەی بدات) بە ئاوی زێر بنوسرێت و لە پشت سەری سەرۆك وەزیرانی ئێستا و ئەوانی داهاتووش دا هەڵبواسرێت، بەر لەوەی بكرێتە دروشمی خۆپیشاندانی خەڵك بۆ كەموكورتییەكانی خزمەتگوزاری حكومەت بۆ خەڵك.