بەدیلی حكومەتی رزگاریی نیشتیمانیی

وتارەکان

سەرتیپ جەوهەر

لەدوای ئەو شكستە چاوەڕوانكراوەی هەرێمی كوردستان لەو هەنگاوە چاوەڕواننەكراوە هەڵینا، هەم خەونی گەیشتن سەربەخۆیی بۆ كاتێكی نادیار دواكەوت و هەمیش بەشێك لە سەركردایەتی كورد رەنگە نەتوانن یان ئەو دەرفەتەیان پێنەدرێت، جارێكی دیكە ئەو بەشدارییە كارایە بكەنەوە لە نەخشەڕێژكردنی سیاسەت لە كوردستان.

ئەم شكستە، نامەیەكی ئەمریكا بوو بۆ ئێمە، كە دەتوانن بارودۆخ بگۆڕن و خاوەن بڕیاری كۆتایین، كە بێدەنگ بوون هێزەكانی عیراق پەلاماری كوردستانیانداو كاتێكیش بەدەنگهاتن، هەم هێرشەكان وەستاو هەمیش گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا لەژێرەوە دەستیپێكرد.

بەكورتی ئێستا كورد لەبەردەم دوبارە پێداچونەوە بە سیاسەتكردن لەگەڵ ناوەندو دەوروبەرو وڵاتانی خاوەن بڕیار لەعیراقدایدایە، داڕشتنەوەی شێوەی پەیوەندییە لەگەڵ بەغدا، وڵاتانی دراوسێ‌، ئەمریكاو وڵاتانی دیكە.

لەگەڵ ئەم بارودۆخە ناهەموارە بەهۆی روداوەكانی ئەمدواییەو خراپبونی باری ئابوریی و حوكمڕانی لەهەرێم، بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی كوردستان داوای حكومەتی رزگاریی نیشتیمانی دەكەن، واتە هەڵوەشاندنەوەی ئەم حكومەتەو دانانی حكومەتێكی كاتی تا هەڵبژاردنی داهاتوو.رەنگە ئەو داوایە وەك چارەسەرێك بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە تەماشابكرێت، بەڵام ئەستەمە بتوانرێت ئەو داخوازییە بچێتەسەر، لەبەر دوو هۆكار یەكەمیان بارودۆخی سیاسی ناوخۆ لەبار نییە بۆ ئەو گۆڕانە، دووەمیان ئەمریكییەكانیش لەگەڵ ئەو بۆچونەدا نین، باشترین بەڵگە ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی دەروەی ئەمریكایە كە بەرلە دوو هەفتە بڵاوكرایەوە، كە نەخشەڕێی بەرەو گۆڕانی بارودۆخە لە هەرێمی كوردستانی دەستنیشانكرد، كە دەكرێت لە سێ‌ خاڵ دەستنیشانی بكەین، یەكەمیان؛ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانیی رادەسپێرێت بۆ گرتنە ئەستۆی ئەركی چەند مانگی داهاتوو تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. دووەم؛ ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ بەغداو گفتوگۆ سەبارەت بەكێشە چارەسەرنەكراوەكان لەچوارچێوەی دەستوری عیراق. سێیەم؛ ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی كوردستان و سەرەنجام هاتنەپێشی نەوەیەكی نوێ بۆ حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان.

لەم قۆناغەدا گۆڕینی حكومەت كارێكی ئاسان نییە، هەم لەڕوی سیاسییەوە ئامادەنین، هەمیش وڵاتانی پشتیوان، بەتایبەت ئەمریكییەكان رەنگە لەگەڵ ئەم بیرۆكەیە نەبن، بەڵام دەكرێت هەموان بەیەكەوە لەسەر ئەجێندایەكی هاوبەش بۆ چەند گۆڕانێك لەحكومەت و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی بەغدا رێكبكەون، لێرەدا دەشێت لەچەند خاڵێك دەستنیشانی بكەین:

یەكەم: گۆڕان لەچەند وەزارەت و دامەزراوەیەكی حكومەت، بۆنمونە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەوەزیرو شێوەو شەفافییەتی ناردنە دەرەوەی نەوت و فەرمانگەی پەیوەندییەكان، ئەنجومەنی وەزیران..تد.

دووەم: بەشداریكردنێكی كارا لە وەفدی دانوستانكار لەگەڵ بەغدا لەچارەسەركردنی كێشەو گرفتە كەڵەكەبووەكان، لەسەروی هەمویانەوە چارەسەركردنی پرسی بژێوی خەڵكی كوردستان.

سێیەم: دەستنیشانكردنی كاتی هەڵبژاردنی كوردستان و گرەنتی كردنی رێگریكردن لەساختەكاریی لەهەڵبژاردنی داهاتوو.

چوارەم: گەڕاندنەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان بۆ ناو پەرلەمان و گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیی و قانونی سەرۆكایەتی هەرێم. 

دەكرێت خواستی دیكەش زیادبكرێت بەمەرجێك لایەنە سیاسییەكان لەسەری رێككەون، ئەمەش لەپێناو رەخساندنی زەمینەیەكی نوێ‌ بۆ پێداچونەوە بەكۆی بارودۆخ لەكوردستان بەتایبەتیش حوكمڕانیی و شێوازی بڕیاردان و شەراكەتی سیاسی.