ئایا بۆچی بەریتانیا دژ بە ریفراندۆم بوو

وتارەکان

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا زۆربەی خوێنەرانی بەریز وەڵامیان لە نێوان مێژوو و پەیوەندی کۆلۆنیالی و نەوتدا قەتیس بوە. دیارە ڕوونە کە ئەدەبیاتی زاڵ لە ناوچەکەدا هەمیشە جەخت لە سەر ئەم بوارانە دەکاتەوە، کە بە گشتی ئەدەبیاتی دژە کۆلۆنیالی جیهانی سێیەمیە.

 

بەڵام وەک ئاماژەمان پێدا هەرگیز تەنها هۆکارێک نیە بۆ هەڵوێستی وڵاتێک، لێرەدا بە کورتی هەندێکیان دەخەینە بەرچاو

 

یەکەم، بەڕای من پاڵنەری سەرەکی هەڵوێستی بەریتانیا لە ئەمڕۆدا، ئەو بەرژەوەندیە گەورەیەیە کە ئەو وڵاتە لە گەڵ چینی سەرمایەداری عەرەبدا هەیەتی. لەندەن جێگای پارەی دەوڵەمەندانی عەرەبە لە چەندین وڵاتەوە. ئەم پارەیە بە شێوازی جیاواز و لە بواری زۆردا بڵاوبوەتەوە، کە بەشێکی کاریگەرن لە ئابوری بەریتانی. پارەی نەوتی عەرەبی لە بەریتانیا مامەڵەی پێدەکرێت، نەک لە وڵاتانی عەرەبی خۆی. ئەمە پاڵنەری سەرەکی پێشاندانی پشتیوانی عەرەبە لە بەرامبەر کورددا. چونکە کورد سەنگی ئابوری نیە.

 

دوو، بەریتانیا هێشتا وەها بیردەکاتەوە، بە تایبەت ئەوانەی لە سەر ئەرزبوون، کە عێراق دەکرێت ببێتە وڵاتێکی ئیقلیمی نزیک لە ڕۆژئاوا، بە تایبەت بەریتانیاوە، بۆیە لاوازکردنی ئەم ڕۆڵەی لێدەستێنێتەوە، بۆیە دەبێت رێگربین لە لاوازبوونی ئەم وڵاتە.

 

سێیەم، لە ڕووی مێژوویەوە، بوونی عێراق وەک دروستکراوێکی کۆلۆنیال کاریگەری هەیە، هەروەها زاڵبوونی دیدی عەرەبیست بە سەر مامەڵەی بەریتانیا لە ناوچەکە، کە دەگەرێتەوە بۆ ڕۆژانی لۆرانس. عەرەب نزیک بوون لە بەریتانیەکانەوە لە ناوچەکە زیاتر لە ئەوانی تر.

 

چوارهەم، لە ناوەوە بەریتانیا خۆی بە دەست کێشەی جیابونەوە دەناڵێنێت. پار ساڵ لە کۆبونەوەیەک ئامادبووم لە نێوان ئایرلەندای باکور و سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی ئایرەلەندای باشور، ئەندە کەننی، وەک ئەندامی حیزب، لە پاش برێکست ئایرلەندیە باکورییەکان پێیان باشە ببنە بەشێکی فیدراڵی ئایرلەندای باشور. دیارە ئەمە لای زۆربەی خەڵكی ئایرلەندای باشور قبوڵکراونیە، بەڵام پرسی شل و ڕەقی سنور پرسێکی گەرمە.

 

پێنجەم، بەریتانیە برێکسیتەکان خەونی زیندکرنەوەی ئیمپراتۆریەت لە ئاگاییاندا هەیە، کە خۆی لە بازرگانی کردندا دەبێنیەوە لە گەڵ دەرەوەی ئەوروپا بەبێ هیچ رێگرییەکی یەکێتی ئەوروپا، ئەمە هۆکار بوو، بۆئەوەی دونیای عەرەبی نەبێت نەیار.

 

دیارە نەوت کاریگەری نەبوو، چونکە روسنەفت و بی پی شەریکن و سەردەمی مێرکانتالیزمی ئابوری کۆتایی هاتوە. هەروەها لێکدانەوەی جیوپۆلەتیکی بۆ نەوت لاوازە. زیاتر ئەمرۆ لێکدانەوی بازار بۆ ئەو کاڵایە گونجاوترە