دوو هەڵوێستی مێژوویی تری ڕابەرایەتی مام جەلال

وتارەکان

بەکر حەسەن/ بەرلین

دوای خوێندنەوەی نووسێنێکی هاوڕێی دێرینم شاعیری ناسراو (قوبادی جەلیزادە) کە وەک دادوەرێک باسی لە هەڵوێستێکی مێژوویی (مام) ی ڕابەر کردبوو… کە چۆن (مام) هەر بۆ خۆی بەرگری و داکۆکی لە کارو ئەدای (دادگاودادوەری) ی بێلایەن کردوە ، منیش بڕیارم دا دوو هەڵوێستی تری مام وەک ڕابەرێکی نەتەوەیی و دیموکراسی لەم ووتارەدا باس بکەم.
کە دەکرێت هەڵوێستی یەکەمیان لە ناو دەستەواژەی (خۆنەویستی کەسایەتی ڕابەری ڕاستەقینە)دا بخوێندرێتەوە و دوهەمیشیان لە ناو دەستەواژەی(بڕوابوونی کردەیی کەسایەتی ڕابەر بە دیموکراسیەت)دا توێژینەوەی لەسەر بکرێت:
١. خۆنەویستی کەسایەتی ڕابەری ڕاستەقینە.
ماوەیەک دوا بە داوی ڕاپەڕینە مەزنەکەی کوردستان.. مام دانیشتنێکی فراوانی لە گەڵ نووسەران و هونەرمەندانی سلێمانی لە شارۆچکەی قەڵاچواڵان ساز کرد ..کە زۆربەی نوسەران و هونەرمەندان ئامادە بوون ..دوای قسەوباسێکی زۆرو بە سود لە لایەن (مام) وە سەرە هاتە سەر نوسەران کە داواکاری خۆیان و قسەی خۆیان بۆ مام پێشکەش بکەن، نوسەرێکی هاوڕێمان کە بە داخەوە ئێستا لە ژیاندا نەماوە (غەریقی ڕەحمەت بێت)، هەستایە سەر پاو و ووتی:
– بەرێز مام جەلال من دەمەوێ کتێبێک لەسەر ئێوە و خەبات و تێکۆشانی ئێوە بنووسم .
مام دەستبەجێ وەڵامی دایەوەو ووتی:
– لەسەر من مەنووسە لە سەر میلەتەکەت بنووسە و مێژووی میلەتەکەت بنوسەرەوە!
٢. (بڕوابوونی کردەیی) کەسایەتی ڕابەر بە دیموکراسیەت.
لە دەوروبەری یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا و کە من ئەو کاتە لە سلێمانی لە گەڵ مامۆستا (بەهادین نوری)دا خەریکی دەرکردنی گۆڤارێکی مانگانە بووین بە ناوی گۆڤاری (دیموکراسی)وە .. ئەوکاتە بیرمان لەوە کردەوە کە بە لیستێک بەشداری یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین و هەر بۆ ئەو مەبەستە لیستێکمان لە کاندیدەکانی خۆمان ئامادە کرد کە بریتی بوون لەم ناوانە (بەهادین نوری، بەکر حەسەن، تەها بابانی پارێزەروهونەرمەند، ئیبراهیم خەیاتی گۆرانیبێژ، خالید دلێری شاعیر و ئاوازدانەر،حەسیب قەرەداخی شاعیر، دڵشاد ڕەشیدی ئەندازیار) دیارە هەموو ئەم کەسانەش هەر هەمویان خەڵکی چەپ و تەنانەت بانچەپیشیمان تێدا بوو و خەڵکی دژی یەکێتیش و دژی شەخسی (مام) یشمان تێدا بوو! بەڵام نە وەک لیست و نە وەک شەخسیش خاوەنی یەک دۆلار نەبووین و جگە لە گۆڤارە هەژارەکەمان کە بە فۆتۆ ستێنسڵ ڕاماندەکێشا خاوەنی هیچ کەناڵێکی تری میدیایی وەک ڕادیوتەلەفزیۆنیش نەبووین! بۆ هەردوو مەبەستەکەش ڕوومان کردە لای (مام جەلال ) ..مام زۆر بە خۆشحاڵیەوە و زۆر بە ڕێزیشەوە پێشوازی لێکردین وهەردوو داوەکاریەکەشی دەستبەجێ جێبەجێکردین..، دوای ئەوەی بڕێکی باش و بە زیادەشەوە بۆ بانگەشەکردنی لیستەکەمان هاوکاری مادی کردین نامەیەکیشی بە خەت و ئیمزای خۆی بۆ تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان داینێ و لە نامەکەدا نوسرابوو:
(هاوڕێانی بزوتنەوەی دیموکراسیخوازان بۆیان هەیە و هەقی خۆیانە تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی نیشتمانی بۆ بانگەشەی لیستەکەیان بە کار بهێنن)*
هەر بەو نامەیەی (مام ) ی نەمر من بەرنامەیەکم لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بۆ لیستەکەی خۆمان پێشکەش کرد.
دیارە ئەوەی کە پێویستە لەم هەڵوێستەی مام دا وەک مێژوو بنوسرێتەوە و خوێندەوەی جدی بۆ بکرێت ئەو دیموکراسیەتە ڕاستەقینەیەیە کە مام وەک باوەڕێکی پۆڵاین لە ناو کەسایەتی خۆیدا باوەڕی پێبوو کاری بۆ دەکرد، تەنانەت لەو پێناوەدا کە بریتیە لە (باوەڕبوون بە دیموکراسیەت) توانای دارایی و میدیایی پارتەکەی خۆی دەبەخشیە لیستێکیتر.. کە هەر لەو شارەشدا بوو کەسلێمانیە و کە مەڵبەندی یەکەمی نفوسی یەکێتیە و هەموو لیستێکی نوێش بە ئەمری واقیع دەبوە ڕکابەری یەکێتی کە مام خۆی سکرتێری بوو!!.
هەر لە ناو ئەم دوو هەڵوێستەوە دەتوانم زۆر بە دڵنیاییەوە بڵێم مام لە مێژووی سیاسیدا هەر زوو لە سەرکردەیەکی سیاسیەوە بوە بە ڕابەرێکی نەتەوەیی و دیموکراسی… ئەمەش بۆ ئەکادیمیستە ڕاستگۆگانی ئێستاو پاشەڕۆژ بە جێدەهێڵم.
*هیوادارم ئەو نامەیەی مام لە ئەرشیفی GK TV مابێت.